بە ڕاپۆرتی هەواڵنێری مێهر، بە بۆنەی تەمەنێک چالاکی هونەریی ڕۆئیا تەیموورییان، بڕیارە لە سی و چوارەمین خولی مێهرەجانی فیلمی فەجر ڕێزی لێ بگیردرێت.
ڕۆئیا تەیموورییان لە دایکبووی ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە تاران و هاوسەری مەسعوود ڕایێگانە. ئەو خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆسیی ئەکتەری و دەرهێنەری لە زانکۆی هونەرە جوانەکانە.
ناوبراو لە ساڵی ١٣٦٠ چالاکییە هونەرییەکانی ڕادیۆوە دەست پێکرد و دوو ساڵ دواتر بە دەورگێڕان لە فیلمی "کۆیلەی سەماکەر" لە دەرهێنانی ئەبولقاسم مەعارفی هەنگاوی نایە ناو تەلەفزیۆنەوە و لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لە یەکەمین فیلمی سینەمایی خۆی بە ناوی "ئێرەیی" ڕۆڵی گێڕاوە و لە ساڵی ١٣٨٠وە خاوەن هێمای پلە یەکی هونەرییە.
تەیموورییان بە دەورگێران لە زنجیرە درامای "ڕەعنا" لە دەرهێنانی داود میرباقری وەک ئەکتەرێکی لێهاتوو خۆی نیشان دا و پاشان لە زنجیرەدراماگەلێکی وەک دادگایی، شەوی دەهەم، ونبوو و خولگەی پلە سیفر، لە قەوارەی ئەکتەرێکی بەتوانا دەرکەوت.
ئەم ژنە ئەکتەرە لە پەنای داوەریی جەژنی یانەی سینەما، داوەریی بەشی شانۆی فەجر لە ساڵی ٨٢ی هەتاوی، داوەریی ئەنجومەنی سینەمای لاوان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئەکتەرانی سینەمای ئێران، ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبرایەتیی یانەی سینەما بۆ ذو خول، ئەندامی لیژنەی دامەزرێنەری یانەی شانۆ، داوەریی مێهرەجانەکانی کورتە فیلم، داوەریی فیلمگەلی پارێزگایی لە دەنگ و ڕەنگی ئێران و ئەندامی لیژنەی هەڵبژاردنی فیلمی ئۆسکار بۆ سێ خول، کۆمەڵێک خەڵاتی بەرچاوی وەک باشترین ئەکتەری ژن لە مێهرەجانی سینەمای بەرەڤانیی پیرۆز، خەڵاتی حافز لە جیهانی وێنە، ڕێزنان لە مێهرەجانی فیلمگەلی سەربەخۆ و تەندیسی یانەی سینەما بۆ فیلمی زیندانی ژنانی مسۆگەر کردووە.
شیاوی ئاماژەیە کە سی و چوارەمین مێهرەجانی فیلمی فەجر بۆ ماوەی ١٠ رۆژی کاری و لە ١٢ تا ٢٢ی بەفرانبار بە بەڕێوەبەریی محەمەد حەیدەری، بەڕێوە دەچێت.
Your Comment